ئیشایا 6:1-13 CKBSS2020 - Bible AI

1لە ساڵی مردنی عوزیای پاشادا، پەروەردگارم بینی لەسەر تەختێکی بەرز و بڵند دانیشتبوو، دامێنیشی پەرستگاکەی پڕکردبوو.

2سەرافیمەکان+ 6:2 سەرافیمەکان: جۆرە بوونەوەرێکی ئاسمانین کە دەکرێت جۆرێکی تایبەتی فریشتە بن.‏ لەبەردەستی بوون، هەریەکە شەش باڵیان هەبوو، بە دووانیان ڕووی خۆی داپۆشی بوو، بە دووانی دیکەیان پێیەکانی داپۆشی بوو، بە دووانیش دەفڕی.

3ئەمیان بانگی ئەوەی دیکەی کرد و گوتی: «یەزدانی سوپاسالار پیرۆزە، پیرۆزە، پیرۆزە! شکۆمەندییەکەی هەموو زەویی پڕکردووە.»

4چوارچێوە و سەکۆی دەروازەکان لە دەنگی بانگدەر لەرینەوە و پەرستگاکە پڕبوو لە دووکەڵ.

5گوتم: «قوڕبەسەرم، فەوتام! من کابرایەکی لێو گڵاوم و لەنێو گەلێکی لێو گڵاودا نیشتەجێم و لەگەڵ ئەوەشدا چاوەکانم پاشا، یەزدانی سوپاسالاریان بینی.»

6ئینجا یەکێک لە سەرافیمەکان بۆ لای من فڕی و پشکۆیەکی بەدەستەوە بوو بە مەقاش لەسەر قوربانگاکەوە هەڵیگرت و

7لە دەمی منی سووی و گوتی: «ئەوەتا ئەمە لە لێوت سوا، تاوانت داماڵرا و گوناهت کەفارەتی بۆ کرا.»

8ئینجا گوێم لە دەنگی پەروەردگار بوو، دەیفەرموو: «کێ بنێرم و کێ بۆمان دەڕوات؟» منیش گوتم: «ئەوەتام، من بنێرە.»

9ئەویش فەرمووی: «بڕۆ و بەم گەلە بڵێ: «”هەمیشە ببیستن بەڵام هەرگیز تێناگەن، هەمیشە سەیر بکەن، بەڵام هەرگیز نابینن.“

10دڵی ئەم گەلە ڕەق بکە، گوێی گران بکە و چاوی بنوقێنە، نەوەک بە چاوی ببینێت و بە گوێی ببیستێت، بە دڵی تێبگات و بگەڕێتەوە و چاک ببێتەوە.»

11منیش گوتم: «ئەی پەروەردگار، هەتا کەی؟» ئەویش فەرمووی: «هەتا شارەکان دەبن بە وێرانەی بێ ئاوەدانی و ماڵەکانیش بێ خەڵک و کێڵگەکانیش وێران و چۆڵەوانی،

12هەتا یەزدان هەموو خەڵک دووردەخاتەوە و شوێنی بەجێهێڵراو لەناو خاکەکە زۆر دەبێت.

13ئەگەر دەیەکی تێدا مایەوە، جارێکی دیکە بۆ سووتان دەبێت. بەڵام وەک دارەبەن و دار بەڕوو، کە کاتێک دەبڕێنەوە بنەدارەکەیان هەر دەمێنێت، پاشماوەی ئەو گەلەش وەک بنەدارێکە و زیندوو دەبێتەوە.»

© مافی چاپکردن پارێزراوە ١٩٩٨، ٢٠١١، ٢٠١٦، ٢٠٢٠ لەلایەن ببلیکا. Biblica® Open Kurdi Sorani Standard Version™ Copyright © 1998, 2011, 2016, 2020 by Biblica, Inc. Licensed under CC BY-SA 4.0.
iv>