1ئەلیفازی تێمانیش وەڵامی دایەوە:
2«ئایا کەسی دانا بە نەزانی وەڵام دەداتەوە و مێشکی بە شتی هیچوپووچ پڕ دەکات؟
3ئایا بە قسەی بێ سوود بەڵگە دێنێتەوە و بەو لێدوانانەی قازانجی لێ ناکات؟
4بەڵام تۆ لەخواترسی پێشێل دەکەیت و خەڵک لە خواپەرستی دوور دەخەیتەوە.
5بێگومان گوناهەکانت دەمت فێر دەکەن و زمانی تەڵەکەبازی هەڵدەبژێریت.
6زمانی خۆت تاوانبارت دەکات، نەک من، لێوەکانت لە دژت شایەتی دەدەن.
7«ئایا تۆ یەکەم مرۆڤ بوویت لەدایک بوویت؟ یان لەپێش گردەکانەوە دروستبوویت؟
8ئایا لە ئەنجومەنی خودا+ 15:8 هەندێک لە فریشتەکان لەبەردەم خودا ئامادە دەبن، خودا لە فەرمایشت و فەرمانەکانی دەکرێ ڕاوێژیان پێ بکات و گفتوگۆیان لەگەڵ بکات. گوێت گرتبوو؟ ئایا داناییت بە باڵای خۆتدا بڕیوە؟
9چی دەزانیت کە ئێمە نایزانین، چی تێدەگەیت کە لەلای ئێمە نەبێت؟
10پیر و ڕیش سپی وامان لەناودایە، تەمەنی لە باوکت زیاترە.
11ئایا دڵنەواییەکانی خودا و بە نەرمی قسەکردن لەگەڵت کەمە؟
12بۆچی دڵت دەتبات و بۆچی چاوەکانت دەبریسکێنەوە،
13بۆ ئەوەی ڕۆحت لە دژی خودا وەربگێڕیت و قسەی وا لە دەمت بهێنیتە دەرەوە؟
14«مرۆڤ کێیە هەتا بێگەرد بێت و لەدایکبوو لە ژن کێیە هەتا ڕاستودروست بێت؟
15ئەگەر خودا متمانە بە پیرۆزەکانی خۆی ناکات، کەواتە ئاسمان لەبەرچاوی بێگەرد نییە،
16ئیتر مرۆڤ کە ناڕەوایی وەک ئاو دەخواتەوە دەبێت چەند قێزەون و گەندەڵ بێت؟
17«من پێت دەڵێم گوێم لێ بگرە، باسی ئەوە دەکەم کە بینیم،
18ئەوەی دانایان لە باوباپیرانیانەوە پێیان ڕاگەیەنراوە و ئەوانیش نەیانشاردووەتەوە،
19ئەوانەی خاکەکە تەنها بەوان دراوە و هیچ نامۆیەک بەناویاندا تێنەپەڕیوە.
20بەدکار ڕۆژانە دەتلێتەوە، ژمارەی ساڵانی ستەمکاریش دیاریکراوە.
21دەنگێکی ترسناک لە گوێیەکانیەتی و لە ساتی ئاشتیدا تێکدەر بۆی دێت.
22لەو باوەڕەدا نییە لە تاریکی دەگەڕێتەوە؛ چاوەڕوانی شمشێرە.
23ئەو وێڵە و دەبێتە نێچیری سیسارکە کەچەڵ، دەزانێت کە ڕۆژی تاریکی نزیکە.
24تەنگانە و ئازار دەیتۆقێنن و بەسەریدا زاڵن وەک پاشایەکی ئامادە بۆ پەلاماردان،
25چونکە بە تووڕەییەوە دەستی لە خودا ڕادەوەشێنێت، لە دژی خودای هەرە بەتوانا پاڵەوانیێتی نواند،
26بە کەللەڕەقییەوە بەرەو ئەو ڕایکرد بە قەڵغانە ئەستوور و بەهێزەکەیەوە.
27«هەرچەندە دەموچاوی بە چەوری داپۆشی و ناوقەدی خۆی بە پیو+ 15:27 پیو: واتا بەز. ئەستوور کرد،
28بەڵام لە شارۆچکەی کاولبوو نیشتەجێ دەبێت، لەو ماڵانەی کەسی تێدا ناژیێت و خەریکن دەبنە کەلاوە.
29لەمەودوا دەوڵەمەند نابێت و سامانەکەی جێگیر نابێت، دەستکەوتی لەناو زەویدا بەرفراوان نابێت.
30لە تاریکی دەرباز نابێت، کڵپەی گڕێک پۆپکەکانی وشک دەکات و بە فووێکی دەمی نامێنێت.
31جێی باوەڕ نابێت بە شتی پووچ وێڵ دەبێت، چونکە شتی پووچ دەبێت بە کرێیەکەی.
32پێش ئەوەی ڕۆژی خۆی تەواو بێت، دەفەوتێت و گەڵاکەی سەوز نابێت.
33وەک ترێ پەسیرەکانی+ 15:33 بەرسیلەکانی. دەکەوێت و وەک زەیتوون گوڵەکەی هەڵدەوەرێت.
34کۆمەڵی خوانەناسان چۆڵوهۆڵ دەبێت، ئاگریش ڕەشماڵی بەرتیلخۆران دەسووتێنێت.
35بە ئاژاوە دووگیان بوون و خراپەیان بۆ لەدایک دەبێت، سکیان پیلانی فێڵ و درۆ پێکدەهێنێت.»