حزقیێل 18:1-32 CKBSS2020 - Bible AI

1فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:

2«بۆچی ئەم پەندە بەسەر خاکی ئیسرائیلدا هەڵدەدەن و دەڵێن: «”باوکان بەرسیلەیان خوارد، ددانی منداڵەکان ئاڵ دەبنەوە“؟

3«یەزدانی باڵادەست دەفەرموێت: بە گیانی خۆم، ئیتر بۆتان نابێت ئەم پەندە لە ئیسرائیلدا بهێننەوە و بڵێن،

4چونکە هەموو گیانێک هی منە، گیانی باوک وەک گیانی منداڵ، هەردووکیان هی منن. ئەو کەسەی گوناه بکات، هەر ئەو کەسە دەمرێت.

5«گریمان ئەگەر پیاوێکی ڕاستودروست هەبێت و دادوەری و ڕاستودروستی بکات:

6لە نزرگەی سەر چیاکان نەخوات و چاوی بۆ بتەکانی بنەماڵەی ئیسرائیل هەڵنەبڕێت؛ ژنی کەسێکی دیکە گڵاو نەکات و لەگەڵ ئافرەت جووت نەبێت لە ڕۆژانی خوێنلێچوونی؛

7ستەم لە کەس نەکات، بەڵکو بارمتەی قەرزدار بگەڕێنێتەوە؛ ماڵی کەس زەوت نەکات، بەڵکو نانی خۆی بداتە برسی و جل بکاتە بەر ڕووت؛

8پارە بە سوو نەدات و نرخی شتومەک گران نەکات؛ دەستی لە ستەمکاری بگێڕێتەوە و لەنێوان مرۆڤ و مرۆڤدا دڵسۆزانە دادوەری بکات.

9فەرزەکانم پەیڕەو بکات و بە ڕەوایی حوکمەکانم بەجێبهێنێت. ئەوا ئەو پیاوە ڕاستودروستە، بێگومان دەژیێت.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.

10«گریمان ئەگەر کوڕێکی هەبێت، توندوتیژی یان خوێنڕێژی بکات، یان یەکێکی دیکە لەم کارانەی

11کە باوکی نەیکردووە: «لە نزرگەی سەر چیاکان بخوات، ژنی کەسێکی دیکە گڵاو بکات،

12ستەم لە هەژار و نەدار بکات، شتی خەڵکی زەوت بکات، قەرز نەداتەوە، چاوی بۆ بتەکان هەڵببڕێت، کاری قێزەون ئەنجام بدات،

13پارە بە سوو بدات و نرخی شتومەک گران بکات. ئایا دەژیێت؟ ناژیێت! لەبەر ئەوەی هەموو ئەم کارە قێزەونانەی کردووە، بێگومان دەکوژرێت، خوێنی لە ملی خۆی دەبێت.

14«بەڵام گریمان ئەگەر ئەو کوڕەش کوڕێکی بوو و هەموو گوناهەکانی باوکی بینی کە کردی و وەک ئەوی نەکرد:

15«لە نزرگەی سەر چیاکان نەخوات، چاوی بۆ بتەکانی بنەماڵەی ئیسرائیل هەڵنەبڕێت، ژنی کەسێکی دیکە گڵاو نەکات،

16ستەم لە کەس نەکات، داوای بارمتە نەکات و هیچ شتێک زەوت نەکات، بەڵکو نانی خۆی بداتە برسی و جل بکاتە بەر ڕووت،

17دەستی لە ستەمکاری بگێڕێتەوە، سوو وەرنەگرێت و نرخی شتومەک گران نەکات، بەڵکو حوکمەکانم بەجێبهێنێت و فەرزەکانم پەیڕەو بکات. ئەو بە تاوانی باوکی نامرێت، بێگومان دەژیێت.

18بەڵام باوکی لەبەر ئەوەی ستەمی کردووە و ماڵی براکەی زەوت کردووە و ئەوەی باش نییە لەنێو گەلەکەی کردوویەتی، ئەو بە تاوانی خۆی دەمرێت.

19«ئێوە دەڵێن: ”بۆچی کوڕ تاوانی باوکی هەڵناگرێت؟“ کە کوڕ ڕاستودروستی و دادپەروەری ئەنجام داوە، هەموو فەرزەکانی منی بەجێهێناوە و کاری پێ کردووە، لەبەر ئەوە بێگومان دەژیێت.

20ئەو کەسەی گوناه دەکات، هەر ئەو کەسە دەمرێت. کوڕ تاوانی باوکی هەڵناگرێت و باوکیش تاوانی کوڕەکەی هەڵناگرێت. کەسی ڕاستودروست ڕاستییەکەی بۆ خۆیەتی و کەسی خراپەکاریش خراپەکەی بۆ خۆیەتی.

21«بەڵام ئەگەر خراپەکار لە هەموو گوناهەکانی کە کردوویەتی گەڕایەوە، هەموو فەرزەکانی منی بەجێهێنا و دادوەری و ڕاستودروستی ئەنجام دا، بێگومان دەژیێت و نامرێت.

22هەموو یاخیبوونەکانی کە کردوویەتی باس ناکرێن، بەو کردارە ڕاستودروستانەی کە کردوویەتی دەژیێت.

23یەزدانی باڵادەست دەفەرموێت: ئایا من بە مردنی خراپەکار دڵخۆش دەبم؟ ئایا شادمان نیم کە لە ڕەفتارەکانی بگەڕێتەوە و بژیێت؟

24«لەگەڵ ئەوەشدا، ئەگەر مرۆڤی ڕاستودروستیش لە ڕاستودروستییەکەی گەڕایەوە و تاوان ئەنجام بدات و وەک هەموو کردەوە قێزەونەکانی خراپەکار بکات، ئایا دەژیێت؟ هەموو ئەو کردارە ڕاستودروستانەی کە کردوویەتی باس ناکرێن. بەو ناپاکییەی کە کردوویەتی و بەو گوناهەی کە ئەنجامی داوە دەمرێت.

25«ئێوەش دەڵێن: ”ڕێگای پەروەردگار دادپەروەرانە نییە.“ ئێستا ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، گوێ بگرن: ئایا ڕێگای من دادپەروەرانە نییە؟ یان ڕێگاکانی ئێوە دادپەروەرانە نین؟

26ئەگەر کەسی ڕاستودروست لە ڕاستودروستییەکەی خۆی بگەڕێتەوە و تاوان ئەنجام بدات، ئەوا بەهۆیەوە دەمرێت، بەهۆی ئەو تاوانەی کە ئەنجامی داوە دەمرێت.

27بەڵام ئەگەر خراپەکار لە خراپەکەی کە کردوویەتی بگەڕێتەوە، دادوەری و ڕاستودروستی ئەنجام بدات، ئەوا ژیانی خۆی دەپارێزێت.

28لەبەر ئەوەی هەموو یاخیبوونەکانی خۆی کە کردبووی بینی و لێیان گەڕایەوە، ئەوا بێگومان دەژیێت و نامرێت.

29بنەماڵەی ئیسرائیلیش دەڵێن: ”ڕێگای پەروەردگار دادپەروەرانە نییە.“ ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، ئایا ڕێگاکانی من دادپەروەرانە نین؟ یان ڕێگاکانی ئێوە دادپەروەرانە نین؟

30«لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست دەفەرموێت: ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، دادگاییتان دەکەم، هەریەکەتان بەگوێرەی ڕەفتاری خۆی. تۆبە بکەن و لە هەموو یاخیبوونەکانتان بگەڕێنەوە و تاوان نابێت بە کۆسپ لە ڕێگاتان.

31هەموو یاخیبوونەکانتان کە پێی یاخیبوون فڕێبدەن، دڵێکی تازە و ڕۆحێکی تازە بۆ خۆتان بەدەستبهێنن. ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، بۆچی بمرن؟

32چونکە من بە مردنی هیچ کەسێک دڵخۆش نابم، جا تۆبە بکەن و بژین! ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.

© مافی چاپکردن پارێزراوە ١٩٩٨، ٢٠١١، ٢٠١٦، ٢٠٢٠ لەلایەن ببلیکا. Biblica® Open Kurdi Sorani Standard Version™ Copyright © 1998, 2011, 2016, 2020 by Biblica, Inc. Licensed under CC BY-SA 4.0.
div>