دووەم پوختەی مێژوو 11:1-22 CKBSS2020 - Bible AI

1کاتێک ڕەحەڤەعام گەیشتە ئۆرشەلیم، بنەماڵەی یەهودا و بنیامینی کۆکردەوە، سەد و هەشتا هەزار جەنگاوەری هەڵبژارد، هەتا لە دژی ئیسرائیل بجەنگن و پاشایەتییەکە بۆ ڕەحەڤەعام بگەڕێننەوە.

2بەڵام پەیامی یەزدان بۆ شەمەعیای پیاوی خودا هات:

3«بە ڕەحەڤەعامی کوڕی سلێمان، پاشای یەهودا و بە هەموو نەوەی ئیسرائیل لە یەهودا و بنیامین بڵێ،

4”یەزدان ئەمە دەفەرموێت: مەچن و لە دژی براکانتان مەجەنگن. هەریەکە و بۆ ماڵەکەی خۆی بگەڕێتەوە، چونکە ئەمە لەلایەن منەوەیە.“» ئەوانیش گوێڕایەڵی فەرمایشتی یەزدان بوون و هێرشیان نەکردە سەر یارۆڤعام و کشانەوە.

5ڕەحەڤەعام لە ئۆرشەلیم نیشتەجێ بوو و لە یەهودا چەند شارێکی قەڵابەندی بنیاد نایەوە،

6وەک بێت‌لەحم، عێتام، تەقۆعە،

7بێت‌چوور، سۆخۆ، عەدولام،

8گەت، مارێشا، زیف،

9ئەدۆرەیم، لاخیش، عەزێقا،

10چۆرعا، ئەیالۆن و حەبرۆن. ئەم شارە قەڵابەندانە لەناو خاکی یەهودا و بنیامین بوون.

11جا قەڵاکانی بەهێز کرد و فەرماندەکان و ئەمبارەکانی خواردن و زەیت و شەرابی تێیاندا دانا.

12لە هەموو شارێکیش قەڵغان و ڕمی دانا و زۆر بەهێزی کردن، یەهودا و بنیامینی لەژێر دەسەڵاتی خۆی هێشتەوە.

13کاهین و لێڤییەکانیش لە هەموو سنوورەکانی خۆیانەوە لە سەرتاسەری ئیسرائیلدا هاتن و لایەنگری ئەمیان کرد.

14هەروەها لێڤییەکان لەوەڕگاکانیان و موڵکەکانیان بەجێهێشت و چوون بۆ یەهودا و بۆ ئۆرشەلیم، لەبەر ئەوەی یارۆڤعام و کوڕەکانی ڕەتیان کردنەوە کە کاهینیێتی بۆ یەزدان بکەن.

15جا یارۆڤعام بۆ خۆی چەند کاهینێکی دانا بۆ نزرگەکانی سەر بەرزاییەکان+ 11:15 مەبەست لە هەموو ئەو شوێنە بەرزانەیە کە گەل قوربانی لێ دەکرد، هەرچەندە ئەو شوێنە لەلایەن یەزدانەوە هەڵنەبژێردرابوو. بڕوانە دواوتار 12‏:5‏.‏* و بۆ ئەو بتانەی کە لە شێوەی تەگە+ 11:15 نێری، سابرێن.‏* و گوێرەکە دروستی کردن.

16ئەوانەی لە هەموو هۆزەکانی ئیسرائیل کە بە هەموو دڵ ڕوویان لە یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل دەکرد، دوای لێڤییەکان کەوتن و چوونە ئۆرشەلیم هەتا قوربانی بۆ یەزدانی پەروەردگاری باوباپیرانیان بکەن.

17جا پاشایەتییەکەی یەهودایان بەهێز کرد و سێ ساڵ پاڵپشتی ڕەحەڤەعامی کوڕی سلێمانیان کرد، چونکە سێ ساڵ ڕێگای داود و سلێمانیان گرتەبەر.

18ڕەحەڤەعام ماحەلەتی کچی یەریمۆتی کوڕی داودی هێنا، کە دایکی ئەبیهەیلی کچی ئەلیابی کوڕی یەسا بوو.

19ماحەلەتیش ئەم کوڕانەی بۆ خستەوە: یەعوش، شەمەریاهو و زەهەم.

20پاشان ڕەحەڤەعام مەعکای کچی ئەبشالۆمی هێنا، ئەویش ئەبیا و عەتەی و زیزا و شەلۆمیتی بۆ خستەوە.

21ڕەحەڤەعام مەعکای کچی ئەبشالۆمی لە هەموو ژن و کەنیزەکانی دیکەی خۆی زیاتر خۆشدەویست، چونکە هەژدە ژن و شەست کەنیزەی هەبوو، بیست و هەشت کوڕ و شەست کچیشی بوو.

22ڕەحەڤەعام ئەبیای کوڕی کە لە مەعکای بوو، لەنێو براکانی کرد بە میر هەتا لە جێی خۆی بیکات بە پاشا.