سەفەنیا 1:1-18 CKBSS2020 - Bible AI

1پەیامی یەزدان بۆ سەفەنیای کوڕی کووشی کوڕی گەدەلیاهوی کوڕی ئەمەریای کوڕی حەزقیا، لە سەردەمی یۆشیای کوڕی ئامۆنی پاشای یەهودا: ئاگادارکردنەوە بۆ هاتنی وێرانکاری

2«هەموو شتێک لەسەر ڕووی زەوی بە تەواوەتی دادەماڵم.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

3«مرۆڤ و ئاژەڵ دادەماڵم، باڵندەکانی ئاسمان و ماسییەکانی دەریا دادەماڵم. بەدکاران تووشی کۆسپ دەکەم و مرۆڤ لەسەر ڕووی زەوی بنبڕ دەکەم.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. پێشبینییەک سەبارەت بە یەهودا

4«دەستم بۆ سەر یەهودا و بۆ سەر هەموو دانیشتووانی ئۆرشەلیم درێژ دەکەم. ئەو بەعل پەرستانەی ماونەتەوە لەم شوێنە بنبڕیان دەکەم، ناوی کاهینە بتپەرستەکان و کاهینە هەڵگەڕاوەکان،

5ئەوانەی لە سەربانەکان کڕنۆش دەبەن بۆ ئەستێرەکانی ئاسمان، ئەوانەی کڕنۆش دەبەن و سوێند بە یەزدان دەخۆن، هەروەها سوێند بە مۆلەخیش+ 1:5 خوداوەندێکی کەنعانییە بتپەرستەکان بووە، بۆ پەرستنی هەستاون بە تێپەڕاندنی منداڵەکانیان بەناو ئاگردا. بڕوانە دووەم هەواڵی ڕۆژان 28‏:3.‏ دەخۆن،

6لەگەڵ ئەوانەی لە یەزدان هەڵگەڕاونەتەوە و ئەوانەی ڕوو لە یەزدان ناکەن و پرسیاری لێ ناکەن.»

7لەبەردەم یەزدانی باڵادەست بێدەنگ بە، چونکە ڕۆژی یەزدان+ 1:7 ڕۆژی سزادانی گوناهباران و ڕزگارکردنی گەلی خودا.‏ نزیکە. یەزدان قوربانی ئامادە کردووە، بانگکراوانی خۆی تەرخان دەکات.

8لە ڕۆژی قوربانی یەزدان میران سزا دەدەم هەروەها کوڕانی پاشا و هەموو ئەوانەی جلوبەرگی نامۆیان لەبەرە.

9لەو ڕۆژەدا هەموو ئەوانە سزا دەدەم کە خۆیان لەوە دەپارێزن پێ لە سەکۆی دەروازەکە بنێن،+ 1:9 باز دەدەن: نەریتێکی بتپەرستانە، بڕوانە یەکەم ساموئێل 5‏:5‏‏.‏ ئەوانەی پەرستگای خوداوەندەکانیان پڕ دەکەن لە ستەم و فێڵبازی.

10یەزدان دەفەرموێت: «لەو ڕۆژەدا، دەنگی هاوار لە دەروازەی ماسی بەرزدەبێتەوە، ناڵەناڵ لە ”گەڕەکی نوێ“ دێت، دەنگی تێکشکانێکی گەورەش لە گردەکانەوە.

11ئەی دانیشتووانی ناوچەی مەکتیش+ 1:11 گەڕەکێک بووە لەناو بازاڕی گەورەی ئۆرشەلیم.‏ بناڵێنن، هەموو بازرگانەکانتان لەناودەچن، هەموو بازرگانەکانی زیو بنبڕ دەکرێن.

12لەو سەردەمەدا، بە چرا ئۆرشەلیم دەپشکنم و ئەو کەسانە سزا دەدەم کە لەخۆڕازین، ئەوانە وەک شەرابن بەسەر خڵتەکەیەوە، لە دڵی خۆیاندا دەڵێن: ”یەزدان نە چاکە دەکات و نە خراپە.“

13ئەوانە سامانیان تاڵان دەکرێت، ماڵیان وێران دەبێت. ماڵ بنیاد دەنێن و تێیدا دانانیشن؛ ڕەز دەچێنن و لە شەرابەکەی ناخۆنەوە. ڕۆژی گەورەی یەزدان

14«ڕۆژی گەورەی یەزدان نزیکە، نزیکە و زۆر بە پەلەیە. هاواری ڕۆژی یەزدان تاڵ دەبێت، پاڵەوانە مەزنەکە نەعرەتەی جەنگ دەکێشێت.

15ئەو ڕۆژە ڕۆژی تووڕەییە، ڕۆژی تەنگانە و ئازارە، ڕۆژی کاولبوون و وێرانییە، ڕۆژی تاریکی و ئەنگوستەچاوە، ڕۆژی هەور و تەمی چڕە،

16ڕۆژی کەڕەنا لێدان و نەعرەتەی جەنگە لە دژی شارە قەڵابەندەکان و لە دژی قوللە بەرزەکان.

17«تەنگ بە مرۆڤ هەڵدەچنم، وەک کوێر بە پەلکوتان دەڕۆن، چونکە دەرهەق بە یەزدان گوناهیان کرد. ئینجا خوێنیان وەک خۆڵ دەڕژێت و هەناویشیان وەک زبڵ.

18نە زیو و نە زێڕەکەیان ناتوانن دەربازیان بکەن، لە ڕۆژی تووڕەیی یەزدان. «بە ئاگری ئیرەییەکەی+ 1:18 ئیرەیی: واتای هەڵوێستی توندی خودا بەرامبەر بە بتپەرستی، چونکە خودا دەیەوێت تەنها ئەو بپەرسترێت.‏ هەموو زەوی هەڵدەلووشێت، چونکە لەناوچوونێکی کتوپڕ دروستدەکات بۆ هەموو دانیشتووانی زەوی.»

© مافی چاپکردن پارێزراوە ١٩٩٨، ٢٠١١، ٢٠١٦، ٢٠٢٠ لەلایەن ببلیکا. Biblica® Open Kurdi Sorani Standard Version™ Copyright © 1998, 2011, 2016, 2020 by Biblica, Inc. Licensed under CC BY-SA 4.0.
div>