مەتا 21:1-46 CKBSS2020 - Bible AI

1کاتێک لە ئۆرشەلیم نزیک بوونەوە و گەیشتنە گوندی بێت‌فاجی لەلای کێوی زەیتوون، عیسا دووان لە قوتابییەکانی نارد و

2پێی فەرموون: «بڕۆنە ئەو گوندەی بەرامبەرتان، دەستبەجێ ماکەرێک دەبینن بەستراوەتەوە، جاشکەکەی لەگەڵە. بیکەنەوە و بۆ منیان بهێنن.

3ئەگەر یەکێک شتێکی پێ گوتن، دەڵێن: گەورەمان پێویستی پێیانە، ئەویش یەکسەر دەیاننێرێت.»

4ئەمەش ڕوویدا تاکو ئەوەی لە ڕێگەی پێغەمبەرەکە+ 21:4 مەبەست لە پێغەمبەر زەکەریایە.‏ گوتراوە بێتە دی کە دەفەرموێ:

5﴿بە شاری سییۆن بڵێن، ئەوەتا پاشاکەت دێتە لات، دڵنەرمە و سواری ماکەرێک و جاشی ماکەرێک بووە.﴾+ 21:5 زەکەریا 9‏:9‏‏

6قوتابییەکان ڕۆیشتن و وەک ئەوەی عیسا فەرمانی پێدابوون، کردیان.

7ماکەر و جاشکەکەیان هێنا، کەواکانیان خستە سەر پشتی و عیسا سواربوو.

8خەڵکێکی ئێجگار زۆر کەواکانیان لەسەر ڕێگاکە ڕاخست. خەڵکی دیکە لقە داریان دەبڕییەوە و لەسەر ڕێگاکە ڕایاندەخست.

9ئەو خەڵکەی لەپێشی دەڕۆیشتن و ئەوانەش کە دوای کەوتبوون، هاواریان دەکرد: «هۆسانا+ 21:9 لە زمانی عیبری دەربڕینێکە بە واتای ڕزگارمان بکە، بووە هاواری ستایش.‏ بۆ کوڕی داود!» «﴿پیرۆزە ئەوەی بە ناوی یەزدانەوە دێت!﴾+ 21:9 زەبوورەکان 118‏:26‏‏» «هۆسانا بۆ خودا!»

10کاتێک عیسا چووە ناو ئۆرشەلیم، هەموو شارەکە خرۆشا و گوتیان: «ئەمە کێیە؟»

11خەڵکەکەش دەیانگوت: «ئەمە پێغەمبەر عیسایە، خەڵکی ناسیرەی جەلیلە.» پاککردنەوەی پەرستگا

12عیسا چووە ناو حەوشەکانی پەرستگا و هەموو ئەوانەی دەرکرد کە لەوێ خەریکی کڕین و فرۆشتن بوون، مێزی پارەگۆڕەوان و کورسی کۆترفرۆشانی سەرەوژێر کرد.

13پێی فەرموون: «نووسراوە، ﴿ماڵەکەم بە ماڵی نوێژ ناودەبردرێت،﴾+ 21:13 ئیشایا 56‏:7‏‏ بەڵام ئێوە دەیکەنە ﴿ئەشکەوتی دزان!﴾+ 21:13 یەرمیا 7‏:11‏‏»

14نابینا و شەلەکان لە پەرستگا هاتنە لای و ئەویش چاکیکردنەوە.

15بەڵام کاتێک کاهینانی باڵا و مامۆستایانی تەورات ئەم کارە سەرسوڕهێنەرانەیان بینی کە ئەو کردی، هەروەها منداڵانیش کە لە حەوشەکانی پەرستگا هاواریان دەکرد: «هۆسانا بۆ کوڕی داود!» تووڕە بوون و

16لێیان پرسی: «گوێت لێیە ئەو منداڵانە چی دەڵێن؟» عیساش پێی فەرموون: «بەڵێ، ئەی قەت نەتانخوێندووەتەوە: «﴿لە زاری منداڵان و شیرەخۆرانەوە ستایشت بۆ خۆت داڕشتووە﴾؟»+ 21:16 زەبوورەکان 8‏:2‏‏

17ئەوسا بەجێی هێشتن و چووە دەرەوەی شار، بەرەو گوندی بێت‌عەنیا بەڕێکەوت و شەو لەوێ مایەوە. دار هەنجیری بێ بەر

18بەیانی زوو کە عیسا دەگەڕایەوە شار، برسی بوو.

19دار هەنجیرێکی لەسەر ڕێگاکە بینی و چووە لای، بەڵام لە گەڵا زیاتر هیچی پێوە نەبینی، ئینجا پێی فەرموو: «ئیتر هەرگیز بەر نەگریت!» دەستبەجێ دارەکە وشک بوو.

20کاتێک قوتابییەکان ئەمەیان بینی، سەرسام بوون و گوتیان: «چۆن دەستبەجێ دار هەنجیرەکە وشک بوو؟»

21عیساش وەڵامی دانەوە: «ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەگەر باوەڕتان هەبێت و گومان نەکەن، نەک هەر ئەمەی دار هەنجیرەکە دەکەن، بەڵکو ئەگەر بەم کێوە بڵێن، ”هەڵبکەنرێ و بکەوە ناو دەریاوە،“ وا دەبێت.

22جا هەرچی لە نوێژدا بە باوەڕەوە داوای بکەن، وەریدەگرن.» دەسەڵاتی عیسا

23کاتێک عیسا چووە حەوشەکانی پەرستگا و خەڵکەکەی فێردەکرد، کاهینانی باڵا و پیرانی گەل هاتنە لای و گوتیان: «ئەمانە بە چ دەسەڵاتێک دەکەیت؟ کێ ئەم دەسەڵاتەی بە تۆ داوە؟»

24عیسا وەڵامی دانەوە: «منیش پرسیارێکتان لێ دەکەم، ئەگەر وەڵامتان دامەوە، ئەوا پێتان دەڵێم بە چ دەسەڵاتێک ئەمانە دەکەم.

25لەئاوهەڵکێشانی یەحیا، لەکوێوە بوو؟ لە ئاسمانەوە بوو یان لە مرۆڤەوە؟» لەنێو خۆیاندا کەوتنە ڕاوێژکردن و گوتیان: «ئەگەر بڵێین، ”لە ئاسمانەوە بوو،“ دەڵێت، ”باشە بۆچی باوەڕتان پێی نەکرد؟“

26ئەگەریش بڵێین، ”لە مرۆڤەوە بوو،“ لە خەڵکەکە دەترسین، چونکە هەموو یەحیا بە پێغەمبەر دادەنێن.»

27ئینجا وەڵامی عیسایان دایەوە: «نازانین.» ئەویش پێی فەرموون: «منیش پێتان ناڵێم بە چ دەسەڵاتێک ئەمانە دەکەم.» نموونەی دوو کوڕەکە

28ئینجا عیسا فەرمووی: «ڕاتان چییە؟ پیاوێک دوو کوڕی هەبوو. چووە لای یەکەمیان و گوتی: ”کوڕم ئەمڕۆ بڕۆ لە ڕەزەکەدا کار بکە.“

29«ئەویش وەڵامی دایەوە: ”ناچم.“ بەڵام پاشان پەشیمان بووەوە و چوو.

30«ئینجا پیاوەکە چووە لای کوڕەکەی دیکەی و هەمان قسەی کرد. وەڵامی دایەوە: ”بەسەرچاو+ 21:30 یۆنانی: من.‏، گەورەم!“ بەڵام نەچوو.

31«ئایا کام لەم دووانە بە خواستی باوکیان کرد؟» گوتیان: «یەکەمیان.» عیساش پێی فەرموون: «ڕاستیتان پێ دەڵێم: باجگران و لەشفرۆشان لە چوونە ناو شانشینی خودا پێشتان دەکەون،

32چونکە یەحیا هات بۆ ئەوەی ڕێگای ڕاستودروستیتان نیشان بدات بەڵام ئێوە باوەڕتان پێی نەکرد، بەڵام باجگران و لەشفرۆشان باوەڕیان پێی کرد. پاشان کە بینیشتان، هەر تۆبەتان نەکرد و باوەڕتان پێی نەکرد.» نموونەی ڕەزەوانەکان

33«گوێ لە نموونەیەکی دیکە بگرن: خاوەن زەوییەک هەبوو ڕەزێکی چاند و پەرژینێکی بە دەوریدا کرد، گوشەرێکی ترێی تێدا هەڵکۆڵی و قوللەیەکی چاودێری بنیاد نا. ئینجا دایە دەست چەند ڕەزەوانێک و گەشتی کرد.

34کاتێک وەرزی بەرهەم نزیک بووەوە، خزمەتکارەکانی ناردە لای ڕەزەوانەکان تاکو بەرهەمەکەی وەربگرن.

35«ڕەزەوانەکان خزمەتکارەکانیان گرت، لە یەکێکیان دا و یەکێکیان کوشت و ئەوی دیکەشیان بەردباران کرد.

36دیسان خزمەتکاری زیاتری لەوانەی پێشوو نارد، ڕەزەوانەکان هەمان شتیان لەوانیش کرد.

37لە کۆتاییدا کوڕەکەی بۆ لایان نارد و گوتی: ”ڕێزی کوڕەکەم دەگرن.“

38«بەڵام ڕەزەوانەکان کە کوڕەکەیان بینی لەناو خۆیاندا گوتیان: ”ئەمە میراتگرەکەیە. با بیکوژین و دەست بەسەر میراتەکەیدا بگرین.“

39ئینجا گرتیان و فڕێیان دایە دەرەوەی ڕەزەکە و کوشتیان.

40«کاتێک خاوەنی ڕەزەکە دێت، چی لەم ڕەزەوانانە دەکات؟»

41وەڵامیان دایەوە: «ئەو خراپەکارانە بە خراپی لەناودەبات و ڕەزەکەش دەداتە دەست ڕەزەوانانی دیکە، ئەوانەی لە وەرزی خۆی بەرهەمی دەدەنێ.»

42عیسا پێی فەرموون: «ئایا هەرگیز لە نووسراوە پیرۆزەکان+ 21:42 مەبەست لە هەر 39 پەڕتووکەکەی پەیمانی کۆنە، تەوراتی موسا و زەبووری داود و پەندەکانی سلێمانی دانا و مێژوو و پێغەمبەرەکان.‏ نەتانخوێندووەتەوە: «﴿ئەو بەردەی وەستاکان ڕەتیان کردەوە بوو بە گرنگترین بەردی بناغە+ 21:42 بەردێکی گەورەیە کە لە گۆشەی دیوار دادەنرێت، لەو بەردانە بەهێزترە کە لە دیوارەکە بەکاردێت و دەبێتە هۆی بەهێزکردنی دیوارەکە.‏، ئەمە لەلایەن یەزدانەوە بوو، لەبەرچاومان سەیرە﴾+ 21:42 زەبوورەکان 118‏:22‏-23‏‏؟

43«لەبەر ئەوە پێتان دەڵێم: شانشینی خوداتان لێ دەسەنرێتەوە و دەدرێتە نەتەوەیەک کە بەرهەم دەدات.

44ئەوەی بەسەر ئەم بەردەدا بکەوێت تێکدەشکێت، ئەوەش کە بەردەکە بەسەریدا بکەوێت وردوخاشی دەکات.»

45کاتێک کاهینانی باڵا و فەریسییەکان نموونەکانیان بیست، زانییان باسی ئەوان دەکات.

46لەبەر ئەوە دەیانویست بیگرن، بەڵام لە خەڵکەکە ترسان، چونکە بە پێغەمبەریان دادەنا.

© مافی چاپکردن پارێزراوە ١٩٩٨، ٢٠١١، ٢٠١٦، ٢٠٢٠ لەلایەن ببلیکا. Biblica® Open Kurdi Sorani Standard Version™ Copyright © 1998, 2011, 2016, 2020 by Biblica, Inc. Licensed under CC BY-SA 4.0.
v>