مەرقۆس 16:1-20 CKBSS2020 - Bible AI

1کە ڕۆژی شەممە تەواو بوو، مریەمی مەجدەلی و سالومە و مریەمی دایکی یاقوب بۆنوبەرامیان کڕی، تاکو بچن و تەرمی عیسا چەور بکەن.

2لە یەکەم ڕۆژی هەفتەدا، بەیانی زوو لەگەڵ خۆر هەڵاتن، هاتنە سەر گۆڕەکە.

3بە یەکتریان دەگوت: «باشە کێ بەردی سەر دەرگای گۆڕەکەمان بۆ گلۆر دەکاتەوە؟»

4بەڵام کە سەیریان کرد، بینییان بەردەکە گلۆر کراوەتەوە، هەرچەندە زۆر گەورە بوو.

5جا چوونە ناو گۆڕەکە و لەلای ڕاستەوە گەنجێکیان بینی دانیشتبوو، کەوایەکی سپی لەبەر بوو، ئیتر تاسان.

6پێی گوتن: «مەتاسێن، بە شوێن عیسای ناسیرەیی لەخاچدراودا دەگەڕێن. ئەو هەستایەوە! لێرە نییە. ئەوەتا ئەو شوێنەی لێیان دانا.

7بەڵام بڕۆن و بە قوتابییەکانی و بە پەترۆس بڵێن، ”ئەو پێشتان دەکەوێت بۆ جەلیل، وەک چۆن پێی فەرموون لەوێ دەیبینن.“»

8ژنەکان لە گۆڕەکە هاتنە دەرەوە و هەڵاتن. لەرز و سەرسامی دایگرتبوون، هیچیان بە کەس نەگوت، چونکە دەترسان. [

9دوای ئەوەی عیسا بەیانی زوو لە یەکەم ڕۆژی هەفتەدا هەستایەوە، یەکەم جار بۆ مریەمی مەجدەلی دەرکەوت، ئەوەی حەوت ڕۆحی پیسی لێی دەرکردبوو.

10ئەویش چوو و بەوانەی گوت کە لەگەڵ عیسادا بوون و شیوەنیان دەگێڕا و دەگریان.

11کاتێک بیستیان عیسا زیندوو بووەتەوە و ئەم بینیویەتی، باوەڕیان نەکرد.

12لە دوای ئەمانە عیسا بە شێوەیەکی دیکە بۆ دووان لە قوتابییەکان دەرکەوت، کاتێک بۆ گوندەکان بەڕێوە بوون.

13جا چوون و بەوانی دیکەیان ڕاگەیاند، بەڵام باوەڕیان پێ نەکردن.

14پاشان عیسا بۆ یازدە قوتابییەکە دەرکەوت، کاتێک لەسەر خوان بوون، لەبەر بێباوەڕی و کەللەڕەقییان سەرزەنشتی کردن، چونکە باوەڕیان بەوانە نەکرد کە دوای هەستانەوەکەی بینیبوویان.

15پێی فەرموون: «بڕۆن بۆ هەموو جیهان و ئەم مزگێنییە بە هەموو بەدیهێنراوان ڕابگەیەنن.

16ئەوەی باوەڕ دەهێنێت و لە ئاو هەڵدەکێشرێ ڕزگاری دەبێت، ئەوەش کە باوەڕ ناهێنێ، تاوانبار دەکرێت.

17ئەوانەی باوەڕ دەهێنن ئەم نیشانانەیان لەگەڵ دەبێت، بە ناوی من ڕۆحی پیس دەردەکەن و بە زمانی نوێ دەدوێن،

18بە دەستیان مار دەگرن، ئەگەر ژەهرێکی کوشندەش بخۆنەوە زیانیان پێ ناگات، دەست لەسەر نەخۆش دادەنێن و چاکدەبنەوە.»

19لەدوای ئەوەی عیسای خاوەن شکۆ ئەمانەی پێ فەرموون، بۆ ئاسمان بەرزکرایەوە و لە دەستەڕاستی خودا دانیشت.

20ئەوانیش چوون و لە هەموو لایەک جاڕیان دا، عیسای خاوەن شکۆش لەگەڵیان کاری دەکرد و بە پەرجووەکانی پشتگیری پەیامەکەی دەکرد.]

© مافی چاپکردن پارێزراوە ١٩٩٨، ٢٠١١، ٢٠١٦، ٢٠٢٠ لەلایەن ببلیکا. Biblica® Open Kurdi Sorani Standard Version™ Copyright © 1998, 2011, 2016, 2020 by Biblica, Inc. Licensed under CC BY-SA 4.0.
div>