یەرمیا 19:1-14 CKBSS2020 - Bible AI

1یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «بڕۆ لای گۆزەکەر، گۆزەیەکی گڵ بکڕە. هەندێک لە پیرانی گەل و کاهینی پیر ببە،

2بڕۆ دەرەوە بۆ دۆڵی بەن‌هینۆم کە لەلای داڵانی دەروازەی زبڵدانە+ 19:2 شوێنی فڕێدانی پارچە گۆزەی شکاو بووە.‏*، لەوێ ئەو پەیامە جاڕبدە کە پێتی دەڵێم.

3بڵێ: ”ئەی پاشایانی یەهودا و ئەی دانیشتووانی ئۆرشەلیم، گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرن. یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: ئاگاداربن! بەڵایەک بەسەر ئەم شوێنەدا دەهێنم کە هەرکەسێک بیبیستێت، گوێی بزرنگێتەوە.

4لەبەر ئەوەی وازیان لێ هێنام، ئەم شوێنەیان پیس کرد و تێیدا بخووریان بۆ خوداوەندەکانی دیکە سووتاند کە نەیان دەناسین، نە خۆیان و نە باوباپیرانیان و نە پاشایانی یەهودا، ئەم شوێنەیان پڕکرد لە خوێنی بێتاوانان.

5نزرگەی بەعلیان لەسەر بەرزاییەکان بنیاد نا، تاکو کوڕەکانیان بە ئاگر بسووتێنن و بیکەنە قوربانی سووتاندن بۆ بەعل، کە من نە فەرمانم پێکردبوو و نە فەرمووبووم و نە بەخەیاڵمدا هاتبوو.

6لەبەر ئەوە ئاگاداربن، سەردەمێک دێت، چیتر ئەم شوێنە پێی ناگوترێت تۆفەت یان دۆڵی بەن‌هینۆم، بەڵکو پێی دەگوترێت دۆڵی کوشتن. ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

7«”جا لەم شوێنەدا پیلانی یەهودا و ئۆرشەلیم پووچ دەکەمەوە، وا دەکەم لەبەردەم دوژمنەکانیان بە شمشێر بکوژرێن، بە دەستی ئەوانەی دەیانەوێت لەناویان ببەن، تەرمەکانیان دەکەمە خۆراکی باڵندە و ئاژەڵی کێوی.

8ئەم شارە وێران دەکەم و دەیکەمە جێگای تانە و تەشەری خەڵک، هەرکەسێک پێیدا تێبپەڕێت سەرسام دەبێت، گاڵتەی پێ دەکات لەسەر هەموو ئەوەی بەسەری هاتووە.

9وایان لێ دەکەم گۆشتی کوڕ و کچەکانی خۆیان بخۆن، هەریەکە گۆشتی هاوڕێکەی خۆی دەخوات، لەبەر گەمارۆ و ئەو تەنگانەیەی تێی دەکەون بەدەستی دوژمنانیان کە بەدوای ئەوانەوەن بۆ کوشتنیان.“

10«ئینجا گۆزەکە لەبەرچاوی ئەو پیاوانە بشکێنە کە لەگەڵتدان،

11پێیان بڵێ: ”یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: ئاوا ئەم گەلە و ئەم شارە دەشکێنم، وەک چۆن دەفرە گۆزەکە کە نەتوانرێت جارێکی دیکە چاک بکرێتەوە. لە تۆفەت دەنێژرێن، هەتا ئەوەی جێی ناشتن نەمێنێت.“

12یەزدان دەفەرموێت: ”ئاوا لەم شوێنە و دانیشتووانەکەی دەکەم، ئەم شارە وەک تۆفەت لێ دەکەم.

13جا ماڵەکانی ئۆرشەلیم و کۆشکەکانی پاشایانی یەهودا وەک شوێنی تۆفەت گڵاو دەبن، هەموو ئەو ماڵانەی لە سەربانەکانیان بخووریان سووتاند بۆ هەموو ئەستێرەکانی ئاسمان و شەرابی پێشکەشکراویان بۆ خوداوەندەکانی دیکە پێشکەش کرد.“»

14ئینجا یەرمیا لە تۆفەت هاتەوە کە یەزدان بۆ پێشبینیکردن ناردبوویە ئەوێ، لە حەوشەکەی پەرستگای یەزدان ڕاوەستا و بە هەموو گەلی گوت:

© 2020 Biblica, Inc. Used with permission. All rights reserved worldwide.
div>