1ئینجا کاتێک هەموو ئەو پاشایانەی لە بەری ڕۆژئاوای ڕووباری ئوردونن، لە ناوچە شاخاوییەکان و زوورگەکانی+ 9:1 زوورگ: لە تەپۆڵکە بەرزترە، هەروەک بەرزاییەکانی زوورگەزراو لە کوردستان.* ڕۆژئاوای و لە هەموو کەنارەکانی دەریای سپی ناوەڕاست+ 9:1 دەریای سپی ناوەڕاست: عیبری دەریای مەزن.* تاکو لوبنان، حیتی و ئەمۆری و کەنعانی و پریزی و حیڤی و یەبوسییەکان ئەوەیان بیستەوە،
2بە یەک دەنگ پێکەوە کۆبوونەوە بۆ جەنگ لە دژی یەشوع و ئیسرائیل.
3بەڵام دانیشتووانی گبعۆن کە بیستیانەوە یەشوع چی بە ئەریحا و عای کردووە،
4بە زۆرزانییەوە کاریان کرد و چوون وەک شاندێک+ 9:4 شاند: وەفد.* خۆیان پیشان دا، گوێدرێژەکانیان لە جەواڵە کۆن و مەشکە شەرابی کۆن و دڕاو و بەستراو بارکرد،
5پێڵاوی دڕاو و پینەکراویان لەپێکرد و جلی شڕیان لەبەرکرد، هەموو نانی ئازووقەکەیان وشک و کەڕووی هەڵهێنابوو.
6ئینجا بەرەو لای یەشوع چوون بۆ ئۆردوگاکە کە لە گلگال بوو، بە یەشوع و پیاوانی ئیسرائیلیان گوت: «لە وڵاتێکی دوورەوە هاتووین و ئێستا پەیمانمان لەگەڵدا ببەستن.»
7پیاوانی ئیسرائیلیش بە حیڤییەکانیان گوت: «لەوانەیە ئێوە دانیشتووانی ئەم ناوچەیە بن، ئیتر چۆن پەیمانتان لەگەڵدا ببەستین؟»
8ئەوانیش بە یەشوعیان گوت: «ئێمە خزمەتکاری تۆین.»
9ئەوانیش وەڵامیان دایەوە: «خزمەتکارەکانت لە وڵاتێکی زۆر دوورەوە هاتوون، لەبەر ناوی یەزدانی پەروەردگارت، چونکە ئێمە گوێمان لە هەواڵی یەزدانی پەروەردگارت بوو و لەبارەی هەموو ئەو کارانەی کە بەسەر میسری هێنا،
10هەموو ئەوەی بە دوو پاشای ئەمۆرییەکانی کرد، ئەوانەی لەوبەری ڕووباری ئوردون لەلای ڕۆژهەڵات بوون، سیحۆنی پاشای حەشبۆن و عۆگی پاشای باشان ئەوەی لە عەشتارۆت بوو.
11جا پیرانمان و هەموو دانیشتووانی خاکەکەمان قسەیان لەگەڵ کردین و گوتیان: ”ئازووقەی ڕێگا لەگەڵ خۆتان ببەن و بڕۆن بۆ بینینیان، پێیان بڵێن: ئێمە خزمەتکاری ئێوەین و ئێستاش پەیمانمان لەگەڵدا ببەستن.“
12ئەو ڕۆژەی کە بەڕێکەوتین بۆ ئەوەی بێین بۆ لای ئێوە، لە ماڵەوە نانەکەمان بە گەرمی هێنا، بەڵام تەماشا بکە، ئێستا وشکە و کەڕووی هەڵهێناوە.
13ئەمەش مەشکەی شەرابەکانمانە کە بە نوێتی پڕمان کردن و وا دڕاون، ئەمەش جلوبەرگ و پێڵاوەکانمانە کە لەبەر دووری ڕێگاکە کۆن بوون.»
14جا پیاوانی ئیسرائیل لە ئازووقەکەیان وەرگرت+ 9:14 مەبەست ئەوەیە نانەکەیان وەک بەڵگە وەرگرت و بڕوایان پێیان کرد.*، بەڵام پرسیان بە یەزدان نەکرد.
15یەشوعیش پەیمانی ئاشتی لەگەڵیاندا بەست کە بە زیندوویی بیانهێڵێتەوە، ڕابەرەکانی گەلیش سوێندیان بۆ خواردن.
16پاش تێپەڕبوونی سێ ڕۆژ بەسەر پەیمانەکەدا، بیستیانەوە کە گبعۆنییەکان لێیان نزیکن و دانیشتووی ئەو ناوچەیەن.
17جا نەوەی ئیسرائیل بەڕێکەوتن و لە ڕۆژی سێیەمدا هاتنە شارەکانیان، ئەمانە شارەکانیان بوون: گبعۆن، کەفیرا، بئێرۆت و قیریەت یەعاریم.
18نەوەی ئیسرائیلیش لێیان نەدان، چونکە ڕابەرەکانی گەل سوێندیان بە یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل بۆ خواردبوون.
19جا هەموو ڕابەرەکان بە هەموو گەلیان گوت: «ئێمە بە یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل سوێندمان بۆ خواردن و ئێستاش ناتوانین دەستیان لێ بدەین،
20ئەمەیان بۆ دەکەین و بە زیندوویی دەیانهێڵینەوە، بۆ ئەوەی تووڕەیی بەسەرماندا نەبارێت، بەهۆی ئەو سوێندەی کە بۆمان خواردوون.»
21هەروەها ڕابەرەکان پێیان گوتن: «بە زیندوویی دەمێننەوە و بۆ هەموو گەل دەبن بە داربڕ و ئاوکێش.» بەم شێوەیە ڕابەرەکان بەڵێنیان پێدابوون.
22ئینجا یەشوع گبعۆنییەکانی بانگکرد و پێی گوتن: «بۆچی فریوتان داین و گوتتان: ”ئێمە زۆر لە ئێوەوە دوورین،“ ئێوە وا دانیشتووانی ئەم ناوەن؟
23ئێستا ئێوە نەفرەت لێکراون، کۆیلە و داربڕ و ئاوکێشتان لێ نابڕێت بۆ ماڵی خودام.»
24ئەوانیش وەڵامی یەشوعیان دایەوە گوتیان: «خزمەتکارەکانت هەموو ئەو هەواڵەیان بیستووەتەوە کە یەزدانی پەروەردگارت فەرمانی بە موسای بەندەی کردبوو کە هەموو خاکەکەتان بداتێ و هەموو دانیشتووانی خاکەکەش لەبەردەمتان لەناو ببات. ئێمەش لەبەر گیانی خۆمان زۆر لە ئێوە ترساین و ئەم کارەمان کرد،
25ئێستاش ئەوەتا لەبەردەستی ئێوەداین و چی بە باش و ڕاست دەزانن ئەوەمان لەگەڵدا بکەن.»
26یەشوعیش ئاوای لێکردن و لە دەست نەوەی ئیسرائیل ڕزگاری کردن و نەیانکوشتن.